ئێوارەی ڕۆژی چوار شەممە ٧ی ئەیلولی ٢٠١٦ کۆمپانیای ئەپڵ لە کۆنفرانسێکی تایبەتدا پەردەی لەسەر ئایفۆن ٧ لادا. ئایفۆنە نوێکە لە ڕووی دیزاینەوە لە ئایفۆنەکانی ساڵی پار دەچێت بەوەی کە تەنێکی ئەلەمنیۆمی هەیە و قەراغەکانیشی چەماوەن.
ئەوەی بەتەواوی لەم ئایفۆنە نوێیەدا گۆڕاوە تێنەچوونی ئاوە، واتە دەتوانیت بە بێ کێشە بیبەیتە ناو ئاوەوە
هەروەها ڕەنگی ڕەش بۆ ئایفۆن ٧ زیاد کراوە و کامێرای دوانی بۆ دانراوە. لەگەڵ ئەمانەشدا شوێنی بیستۆک لە ئایفۆنەکەدا لابراوە و دوو سپیکەر یان بڵندگۆی بۆ دانراوە، یەکێکیان لە بەشی سەرەوە و ئەوی دیکەشیان لە بەشی خوارەوەی ئایفۆنەکەدایە
هاوکات دوگمەی سەر ئایفۆنەکەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەستیاری بەرامبەر هێز بۆ زیاد کراوە. ئەم تایبەتمەندییە لە بەرهەمەکانی دیکەی ئەپڵدا بەدی دەکرێت وەکو لە تەچپادی دوایین ماکبووکەکانیدا هەیە.
هەر لە دوگمەکەدا تایبەتمەندییەکی دیکە زیادکراوە کە لە کاتژمێرەکەی ئەپڵدا بوونی هەیە. لە ڕێگەی ئەم تایبەتمەندییەوە بەکارهێنەر دەتوانێت هەست بە کاردانەوەی جیاواز بکات لە کاتێکدا کە دەستی بەر دوگمەکە دەکەوێت
هەرچەندە کامێراو شاشەی ئایفۆنە نوێیەکان هەمان ووردی (resolution) ئایفۆنە کۆنەکانیان هەیە، بەڵام چاکسازی دیکەیان تێدا کراوە. بەگوێرەی ئەپڵ کامێرای ئەم ئایفۆنە نوێیانە بە ڕێژەی ٥٠% توانای وەرگرتنی زیاتری ڕووناکییان هەیە و بە ڕێژەی ٦٠% خێراییان زیاترە
فیل شیلەر یەکێک لە پێشکەشکارەکانی کۆنفرانسەکە ئاماژەی بەوەدا کە کامێرای ئایفۆنە نوێیەکە هاوشێوەی کۆمپیوتەر و بگرە زیاتریش زیرەکی بۆ زیادکراوە و توانای ناسینەوە و جیاکردنەوەی قووڵی هەیە لە ناو وێنەکاندا
هەروەها کامێرای ئایفۆن ٧ پڵەس لە توانایدایە وێنەکان دوو هێندە نزیک بکاتەوە بەبێ ئەوەی کە تێکبچن
کامێرای پێشەوەی ئایفۆنەکەش بەرزکراوەتەوە بۆ ٧ مێگاپیکسڵ و تایبەتمەندیی جێگیرکردنی وێنەی بۆ زیادکراوە بۆ ئەوەی جووڵانی دەست لە کاتی گرتنی سێڵفیدا وێنەکان تێکنەدات.
لەبریی لابردنی شوێنی بیستۆک کۆمپانیای ئەپڵ بیستۆکی وایەرلێسی دروستکردووە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەریەکە لە ئایفۆن و کاتژمێرەکەی ئەپڵدا پەیوەست دەبێت. ئەپڵ بەم بیستۆکە وایەرلێسانە دەڵێت ئێرپاد و لە کۆتایی تشرینی یەکەمدا بە نرخی ١٦٩ دۆلار دیانخاتە بازاڕەوە
کڕینی پێشوەختی ئایفۆن ٧ (preorder) لە ٩ی ئەیلولەوە دەستپێدەکات. نرخەکەشی لە ٦٤٩ دۆلارەوە بۆ ٨٤٩ دۆلار دەبێت. هەرچی ئایفۆن ٧ پڵەسیشە نرخەکەی لە ٧٦٠ دۆلارەوە دەستپێدەکات بۆ ٩٦٩ دۆلار
هەر لە کۆنفرانسەکەی ڕۆژی چوارشەممەی ئەپڵدا پەردە لەسەر سیستمی نوێی ئای ئۆ ئێس لادرا (iOS10). بە گوێرەی تیم کوک بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی ئەپڵ لەم سیستمەدا زیاترین تایبەمەندییان زیادکردووە و لە ١٣ی ئەیلولیشدا بەردەست دەکرێت
دەرەوەی بابەتەکە ناردنی کۆدەکانلابردن زەردەخەنەلابردن